وەزیری دەرەوەی عێراق: بەم نزیکانە نرخی دۆلار سەقامگیر دەبێت

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە وەزیری دەرەوەی عێراق ئامانجی سەردانەکەی بۆ واشنتۆن ئاشکراکرد و دەڵێت" لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و بانکی فیدراڵی ئەمریکا گەیشتووینەتە رێککەوتن"، دەشڵێت" بەم نزیکانە نرخی دۆلار سەقامگیر دەبێت". 

فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق  لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە بەغداد ڕایگەیاند" دراوی عێراقی بەهێزە و عێراق (١٠٠) ملیار دۆلاری یەدەگی هەیە، بەڵام كێشەكەی ئەم دواییە پەیوەندی بە سیستمی پارەداركردنەوە هەبووە". 

وتیشی" لە کۆبوونەوەی عێراق و ئەمریکا دۆسییە سیاسییەکان کەمتر سەرنجیان خرایە سەر و تاوتوێی پرسی ئابوری، سیاسەتی دارایی، روبەڕوبونەوەی گەندەڵی و چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی شانە نوستوەکانی داعش کرا". 

فوئاد حسێن ئاماژەی بەوەشکرد" واشنتۆن مەرجی لەسەر فرۆشتنی دۆلار بە عێراق نەبوو، بەڵکو لێکتێگەیشتن هەبوو لەسەر چۆنیەتی رێکخستنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار". 

هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا وەزیری دەرەوەی عێراق دڵنیایشی بە هاوڵاتییان دا کە نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی سەقامگیر دەبێتەوە و پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنیش سودمەندانی دۆلار دیاری دەکات و قاچاخچێتی دەوەستێنێت.


PM:12:04:20/02/2023