بانکی ناوەندی عێراق ئەمڕۆ شەممە بڕی دۆلاری فرۆشراوی لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ڕاگەیاند کە زیاتر لە یەک ملیار و ١٠٩ ملیۆن دۆلار فرۆشراوە.
لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا بانكی ناوەندی عێراق لە رۆژانی فرۆشتنی دۆلاردا بڕی یەک ملیار و ١٠٩ ملیۆن و ٢٩٢ هەزار و ١٤٥ دۆلاری فرۆشتووە كە رۆژانە بەشێوەیەكی گشتی بڕەكەی دەكاتە ٢٢١ ملیۆن و ٨٥٨ هەزار و ٤٢٩ دۆلار، ئەمەش بەراورد بە هەفتەی پێشووتر بەڕێژەی (٣.٣٥%) لە كۆی گشتی فرۆش کەمیکردووە.
زۆرترین فرۆشی دۆلار لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لە ڕۆژی چوارشەممەدا بووە كە كۆی گشتی فرۆش ٢٣١ ملیۆن و ٣٢٩ هەزار و ٢٠٢ دۆلاری ئەمریكی بووە، لەكاتێكدا كەمترین رێژەی فرۆش لە ڕۆژی پێنج شەممە بوو كە تیایدا ٢١٥ ملیۆن و ٤١٥ هەزار و ٧١٤ دۆلاری فرۆشتبوو.
هەروەها فرۆشی حەواڵەی دەرەکی لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ٩٧٩ ملیۆن ٥٩٢ هەزار و ١٤٥ دۆلار بووە کە بە بەراورد بە فرۆشی کاش بە ڕێژەی (٨٦%) زیادیکردووە کە بڕەکەی ١٢٩ ملیۆن و ٨٢٠ هەزار دۆلار بووە.