شەوی شەممە، هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت كە نوێنەرانی پارتی و یەكێتییشی تێدایە لە كۆشكی حكومی لە شاری بەغدا كۆبوونەوە، عەباس رازی، ئەمینداری هاوپەیمانییەكە رایگەیاندووە، تەوەرێك تایبەت بووە بە رووداوەكانی هەفتەی رابردووی شاری كەركوك و هانی پەرلەمانی داوە بۆ لیژنەیەك لە لێكۆڵینەوە لە راستییەكانی كەركوك.
رازی روونیكردۆتەوە، لە كۆبوونەوەكەدا سەركردە و نوێنەرانی لایەنەكانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، گفتوگۆیان لەبارەی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشەی نەناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان كردووە و لێكتێگەیشتنی باش هەبووە بۆ گەیشتن بە ئەنجامێكی هاوبەش لە بەرژەوەندی هەردوولا بێت.
هەروەها نووسینگەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە ، كۆبوونەوەكە ئیدانەی رووداوەكانی كەركوكی كردووە و پێیوایە "هەڕەشە لەسەر ئاشتیی هاووڵاتییان و تێكدانی ئاسایشی ناوچەكە دەكات".
لە ڕاگەیەندراوەكەشدا هاتووە "هاوپەیمانێتیەكە داوای پابەندبوون بە گفتوگۆیەكی نیشتمانی دەكات كە پشتیوانی لە ئارامی و بڵاوكردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری لە پارێزگای كەركوك بكات، كە تایبەتمەندی و هەمەجۆرییەكەی ناسراوە، چونكە سەرچاوەی هێز و شانازییە بۆ هەموو ئایین و نەتەوە و لایەنەكانی عێراق لە پارێزگاكەدا."
كۆبوونەوەكە لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە رێككەوتن:
- پێكهێنانی لیژنەیەكی سەركردایەتی لە هاوپەیمانی بۆ سەردانیكردنی پارێزگای كەركووك و ئەنجامدانی كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە فەرمی و كۆمەڵایەتییەكان لە هەموو پێكهاتەكانی پارێزگاكە و دۆزینەوەی چارەسەری بەپەلە بۆ كێشەكان، لەسەرەتادا چارەسەركردنی كێشەی بارەگاكە و، لەگەڵ ئەنجامدانی گۆڕانكاریی ئیداری لە كەركووك بە شێوەیەك كە هاوسەنگی لەنێوان هەموو پێكهاتەكانیدا بپارێزێت.
- پشتیوانیكردن لە بڕیارەكەی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ پێكهێنانی لیژنەیەكی پەرلەمانی لەپێناو لێكۆڵینەوە لە راستییەكانی كەركووك و جەختكردنەوە لەسەر پێویستیی ئاشكراكردنی ئەنجامەكانی لێكۆڵینەوەكە بۆ رای گشتی و سزادانی هەر كەسێك كە سەلمێنرا و تێوەگلاوە لە رووداوەكان و سەر بە هەر لایەنێك بێت.
- پابەندبوونی لایەنەكانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ ئەو رێككەوتنە سیاسییەی كە لە بەرنامەی وەزیراندا جێگیركراوە و، لەگەڵ دەستوور و یاسادا هاوسەنگە و لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر دراوە.
- راگرتنی شەڕی میدیا و گفتوگۆكردن لەسەر جیاوازیی را و بۆچوونەكان لەنێو هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت.
- پابەندبوون بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەو شێوەیەی كە بڕیارە لە كانوونی یەكەمی داهاتوودا ئەنجام بدرێت و، هەروەها لە پارێزگای كەركووكیش ئەنجام بدرێت.
- پشتگیریكردن لە بڕیارەكەی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ میوانداریكردنی وەزیرانی دارایی حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستانی عێراق.