داعش 300 سه‌ربازی‌ عیراقی بە غاز كوشت

سه‌رۆكی‌ كوتله‌ی‌ ده‌عوه‌ رێكخستنی‌ ناوخۆ، له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران، ئۆباڵی كوژرانی 300 سه‌رباز ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی حه‌یده‌ر عه‌بادی و ئاشكراشیكرد كه‌ داعش له‌ هێرشه‌كانیاندا ته‌قینه‌وه‌ی‌ خۆكوژی‌ و غازی‌ كلۆریان به‌كارهێناوه‌.

له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ له‌باره‌گای‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران سازیكرد و په‌یامنێری خه‌ندان ئاماده‌ی بوو، عه‌لی‌ بدێری، سه‌رۆكی‌ كوتله‌ی‌ ده‌عوه‌ رێكخستنی‌ ناوخۆ له‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق ، رایگه‌یاند :" 300 سه‌ربازی‌ عیراقی له‌ ناوچه‌ی‌ سه‌قڵاویه‌ی پارێزگای‌ ئه‌نبار كه‌ چه‌ند رۆژێكه‌ له‌لایه‌ن چه‌كدارانی‌ داعشه‌وه‌ گه‌مارۆ دراون، كوژراون".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو، كه‌ چه‌كداره‌كانی‌ داعش توانیویانه‌ بچنه‌ ناو باره‌گاكانی‌ ئه‌و سه‌ربازه‌ گه‌مارۆدراوانه‌وه‌ و به‌ ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژكراو و خۆكوژ و غازی‌ كلۆر و هێرشیان كردوونه‌ته‌سه‌ر.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، وتیشی :" داعش 300 سه‌ربازی‌ عیراقی كوشتووه‌، به‌ڵام 100 سه‌رباز توانیویانه له‌ده‌ستیان هه‌ڵبێن".

عه‌لی بدێری پێی وایه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی، ‌فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی‌ عیراقو فه‌رمانده‌ی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی‌ ئه‌نبار، به‌رپرسیارێتی‌  ئه‌و كاره‌ساته‌ له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرن چونكه‌ وه‌ك پێویست به‌ده‌م ئه‌و حاڵه‌وه‌ نه‌چوون.




PM:03:45:22/09/2014