دوای قسەکانی رێبەری رەوتی سەدر بەیانیی ئەمڕۆ نزیکەی ٢٠٠٠ عێراقی بۆ دەڕبرینی نارەزایەتی گەیشتنە دەروازەی ترێبیل لەسەر سنووری نێوان عێراق .
رۆژی هەینی، ٢٠ تەشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ شێخ عەبدولئەمیر گەیلانی، سەرۆکی دەزگای برایەتی و خۆشەویستی، یەکێک لەو دەزگایانەی سەرپەرشتی بردنی گەنجان بۆ سەر سنووری نێوان عێراق و ئوردن دەکات، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووە"ئێمە لە بەیانییەوە بەڕێگاوەین و کەمێک پێش کاتژمێر١٠ی بەیانی گەیشتینە دەروازەی ترێبیلی نێوان عێراق و ئوردن، ژمارەمان نزیکەی دوو هەزار کەس دەبێت".
سەبارەت بە هۆکاری رۆیشتن و مانەوەیان لەسەر سنوور، روونیکردەوە: "ئێمە هاوکاریمان لەگەڵ خۆمان هێناوە، دەمانەوێت هاوکارییەکان بگەیێنین و لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ مانگرتنی گشتی لەسەر سنوور دەمێنینەوە، وەکو پشتیوانییەک بۆ فەلەستین و گەلی فەلەستین کە بەدەست داگیرکاریی ئیسرائیلەوە دەناڵێنێت و لە سادەترین خزمەتگوزاریی سەرەتایی بێبەشکراوە".
ئەوەش دوای ئەوە دێت کە شەوی پێنجشەممە، ١٩ی تەشرینی یەکەم رێبەری رەوتی سەدر موقتەدا سەدر، لە وتارێکی ڤیدیۆییدا، لەبارەی رەوشی غەزەی فەلەستین قسەیکرد و جەختی لە گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی و لابردنی گەمارۆی سەر غەزە کردەوە، سەدر داوای لە گەلانی عەرەبی و موسوڵمان کرد گردبوونەوەیەکی ئاشتییانە لەسەر سنووری فەلەستین بکەن، و وتی " گردبوونەوەیەک بێت میللی و ئاشتییانە بۆ رۆیشتن لەپێناو مانگرتنێکی ئاشتییانە لە سنووری فەلەستین لەگەڵ میسر، سووریا، لوبنان و تەنانەت ئوردنیش، بەبێ هیچ چەکێک ، تەنیا کفنەکان نەبێت، مانەوە تاوەکو لابردنی گەمارۆ و گەیاندنی ئەوەی پێویستە بە خەڵکانمان لە غەززە باکوور و باشووری، گەیاندنی یارمەتییە خۆراکی و پزیشکییەکان و ئاو".
لە درێژەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین بڵاوی کردەوە، تائێستا سێ هەزار و ٧٨٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٢ هەزار و ٤٩٣ کەسیش بریندار بوون. هەروەها ئیسرائیل دەڵێت لەو شەڕەدا زیاتر لە ١٤٠٠ ئیسرائیلی کوژراون و نزیکەی ٤٠٠٠یش بریندارن.