ڤیدیۆ.. "حەوت فەوجی سوپای عێراق لەلایەن داعشەوە گەمارۆ دراون"


حەوت فەوجی سوپای عێراق لەنزیك بەنداوی سەرسار، لەنزیك رۆمادیە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە گەمارۆ دراون‌و داوا لەدەسەڵاتدارانی بەغدا دەكەن فریایان بكەون.

میدیا عێراقییەكان لەوانە: تەلەفزیۆنی (فەیحا)‌و (عراق الان) بڵاویانكردەوە كە حەوت فەوجی سوپای عێراق كە نزیكەی هەزار سەرباز دەكات لەلایەن داعشەوە لەنزیك دوڕیانی "سەرسار"نزیك رۆمادیە لەپارێزگای ئەنبار گەمارۆ دراون.

بەپێی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییانەی لە تەلەفزیۆنی فەیحا راستەوخۆ بڵاوكراوەتە، بەرپرسێكی سوپای عێراق دەڵێت: ئێمە 50 رۆژە گەمارۆ دراوین‌و دەزگا‌و بەرپرسی عێراقی نیە پەیوەندیمان پێوەنكردبێت تەنانەت نوسینگەی مەرجەعەیتی شیعە عەلی سیستانیشمان ئاگادار كردوەتەوە كە فریامان بكەون، بەڵام هەتا ئێستا سودی نەبووە.

ئەو بەرپرسە بە فەیحای وت: فرۆكەكانی عێراق چەندجارێك هاتووە‌و ئاو‌و تەقەمەنییان بۆ فڕێداوین، بەڵام هیچ رێگەیەكی زەمینیمان نیە لەگەڵ سوپا‌و دەزگا ئەمنیەكانی عێراقدا.

ئەو كەسە كە پێدەچێت ئەفسەر بێت لەناو ئەو فەوجانەدا وتیشی: داعش 500 مەتر لەوانەوە دوورە‌و هەموو رۆژێك شەڕدەكەن لەگەڵیاندا‌و ئەو سەربازانەش كە بریندار دەبن هەر لەناو سەربازگەكەدا ماونەتەوە.

بەوتەی ئەو بەرپرسە سەربازییە كە لەگەڵ زیاتر لە هەزار سەرباز‌و ئەفسەری دیكە لەگەمارۆی داعشدان، تا ئێستا چەندین جار فرۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان‌و عێراق هاتوون‌و بەسەر ئەو ناوچەدا فڕیون، بەڵام بۆردومانی داعشیان نەكردوە. داوای لە دەزگا ئەمنییەكان‌و بەرپرسانی عێراق دەكات فریایان بكەون‌و دەربازیان بكەن.





PM:03:16:18/10/2014