ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی لەسەر سکاڵاکەی مەسرور بارزانی کۆدەبێتەوە

‌ئەرشیڤ
دادگای باڵای فیدراڵی سکاڵاکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات کە لەسەر دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان تۆماریکردووە.

بە پێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای باڵای فیدراڵی، ئەمڕۆ یەکشەممە، دانیشتنی یەکەمی سکاڵاکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی( ماوە بۆ درێژکراوەی) حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت کە لەسەر سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان تۆماری کردووە.

لە سکاڵاکەدا داوا لە دادگا کراوە بڕیاری نادەستووریبوونی ماددەی ٢ی سیستمی تۆمارکردنی لیستی کاندیدەکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بدات و فەرمانیش بۆ ڕاگرتن و هەڵپەساردنی ڕێکارەکانی کۆمسیۆن سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەربکات.

سکاڵاکەی سەرۆکی حکومەت تایبەتە بە شێوازی دابەشکردنی ١٠٠کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکاندا.

بڕیاربوو ڕۆژی ١٠ی حوزەیرانی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت، بەڵام ڕێکارەکانی کۆمسیۆن ڕاگیران.


AM:10:29:19/05/2024