جەمال کۆچەر:مووچەی خانەنشینان و زیندانییانی سیاسی هاوتای بەغدا دەکرێن

ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، مووچەی خانەنشینان و زیندانییانی سیاسی و چاودێریی کۆمەڵایەتی هاوتای بەغدا دەکرێن.

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند" گۆڕانکاریی گەورە لە هەمواری یاسای بودجەی عێراق ڕوویداوە و بەپێی خشتەی بودجەکە بۆ ساڵی ٢٠٢٤ پشکی هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٤ تریلیۆن دینار زیادیکردووە".

ئاماژەی بەوەکرد، بەپێی هەمواری یاسای بودجە، ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبێت بە جێبەجێکردنی یاساکە یان پابەند نەبێت حکومەتی عێراق پابەندە بە ناردنی مووچەی فەرمانبەران و سوودمەندانی تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی، چونکە خەرجی ڕاستەقینە لە بەشەبودجەی هەرێم جیاکراوەتەوە، کە ساڵی ڕابردوو بەهۆیەوە کێشەی بۆ مووچەی مووچەخۆران دروستبوو.

باسی لەوەشکرد، بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، پێویستە مووچەی خانەنشینان و زیندانییانی سیاسی و سوودمەندانی تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان هاوتای عێراق بکرێن.

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ڕۆژی ١٩ی ئایار لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی دا، خشتەکانی بودجەی ٢٠٢٤ی پەسند کرد، ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ئایار خشتەکە گەیشتە پەرلەمانی عێراق.


AM:09:14:23/05/2024