عێراق خەرجکردنی پشکی هەرێم پەیوەندیدار دەکات بە رادەستکردنی داهاتەکانەوە

 
وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند" حکومەتی عێراق خەرجکردنی پشکی هەرێم لە بودجەی ئەمساڵ ٢٠٢٤، پەیوەندیدارە بە رادەستکردنی داهاتی ناوخۆ و نەوت".

ئەمڕۆ شەممە ٢٥ ی ئایار، عەبدولزەهرا هنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند " حکومەتی عێراق پابەندە بە تەرخانکردنی پشکی هەرێم لە هەموو بوارەکانی خەرجیدا لە بودجەی گشتی عێراقدا جگە لە قەرزەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان و خەرجی بەکاربردن".
 
ئەو  بەرپرسە عێراقییە کە بە ئێن ئارتی راگەیاندووە، دەڵێت" خەرجی قەرزەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان و خەرجی بەکاربردن لە پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق بۆ ئەمساڵ بڕی دوو تریلۆن و ٧٠٠ ملیۆن دینارە".

ناوبراو جەختی لەوە کردۆتەوە، تاوەکو حکومەتی هەرێم پابەند نەبێت بە رادەستکردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان و هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی سۆمۆوە، خەرجی قەرزەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان و خەرجی بەکاربردن لە پشکی هەرێم کە بڕی دوو تریلۆن و ٧٠٠ ملیۆن دینارە، خەرج ناکرێت.

عەبدولزەهرا هنداوی، ئەوەشی خستە روو، ئەو بەراوردکارییەی لەنێوان بڕی تەرخانکراو لە بودجەی گشتی بۆ پارێزگاکان و هەرێمی کوردستان دەکرێت بەراوردێکی ناڕاستە چونکە کۆی ٤٢ تریلیۆن دینار خەرجی وەبەرهێنان بۆ پارێزگاکانی عێراق و هەرێمە.



PM:09:34:25/05/2024