عێراق ڕۆژانە ٢٣ ملیۆن تۆن پاشماوەی هەیە

عێراق لە ڕیزبەندی پیسترین وڵاتانی جیهاندایە، هەر تاکێکی عێراقی ڕۆژانە زیاتر لە دوو کیلۆ پاشماوە فڕێ دەدات.

ئەمڕۆ سێشەممە، فازل غەراوی، سەرۆکی ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ڕایگەیاند" هەر تاکێکی عێراقی ڕۆژانە زیاتر لە دوو کیلۆ پاشماوە فڕێ دەدات، ڕێژەی پاشەڕۆی ڕۆژانە دەگاتە ٢٣ ملیۆن تۆن لە ڕۆژێکدا، ئەمەش دەبێتە هۆی پیسبوونی کەشوهەوا و ژینگەی وڵاتەکە".

غەراوی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەک کە لەلایەن کۆمپانیای IQ Air سویسرییەوە ئامادەکراوە، عێراق و بەحرەین لە ڕیزبەندی دووەم و چوارەم وڵاتی جیهاندان بۆ ساڵی ٢٠٢٣.

کۆمپانیاکە پیسبوونی بە ڕێژەی ٨٩.٧ مایکرۆگرام لە هەر مەتر سێجایەکدا تۆمارکردووە، کە بەرزترین ئاستی پیسبوونە لە جیهاندا، ئەمەش ١٧ هێندەی ستانداردەکانی پاکوخاوێنی هەوایە کە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بە ڕێژەی ٢.٥ تەنۆلکە بۆ هەر مەتر سێجایەک تۆماریکردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق بە ٨٠.١ مایکرۆگرام پلەی دووەمی بەدەستهێناوە، پاکستان بە ٧٠.٩ مایکرۆگرام پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە، بەحرەین بە ٦٦.٦ مایکرۆگرام پلەی دووەمی بەدەستهێناوە، بەنگلادیش بە ٦٥،٨ مایکرۆگرام پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە.

لێکۆڵینەوەکە دەریدەخات ڕێژەی پیسبوون لە عێراق لەماوەی یەک ساڵدا نزیکەی دوو هێندە زیادیکردووە، لە ساڵی ٢٠٢١ -٢٠٢٢، ٤٩.٧ بووە، هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٠ -٢٠٢١ عێراق پلەی دەیەمی لە لیستی زۆرترین وڵاتی پیسبوودا بەدەستهێناوە بە ڕێژەی ٣٩.٦ مایکرۆگرام.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی کۆمپانیاکە، تێکڕای چڕیی تەنۆلکە پیسبووەکان گەیشتووەتە ٤٣.٨ مایکرۆگرام بۆ هەر مەتر چوارگۆشەیەک بۆ عێراق، لە کاتێکدا تێکڕای چڕیی تەنۆلکە پیسبووەکان لە ئیمارات گەیشتە ٤٣ مایکرۆگرام لە هەر مەتر چوارگۆشەیەکدا، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئایسلەندا شانازی بەوە دەکات کە خاوێنترین هەوای جیهانی هەیە، لە نێوان ئەو ١٠٠ وڵاتەی کە لە خشتەکەدا هاتووە، چڕیی PM٢.٥  ٣.٤ مایکرۆگرامە لە هەر مەتر سێجایەکدا.


PM:11:02:28/05/2024