مەسرور بارزانی بۆ چارەسەرکردنی مووچە گەیشتە بەغدا

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی چارەسەرکردنی پرسی مووچە و بودجە گەیشتە بەغدا و لەگەڵ سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانی سه‌رۆكی( ماوە بۆ درێژکراوەی) حکومەتی هه‌رێمی كوردستان، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و بەرپرسانی دیکەی حکومەتی فیدراڵ و سەرکردە و بەرپرسانی لایەنە سیاسییەکانی عێراق گەیشتە بەغدا.

حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند" لە کۆبوونەوەکاندا، جیا لە تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق ، گفتوگۆ لەبارەی پێویستی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور، بەتایبەتی دابینکردنی مووچە و ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان دەکرێت".

ڕوونیشیکردەوە کە برەودان بە هاریکاری و هاوئاهەنگیی نێوان هەردوولا لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان ئامانجێکی دیکەی سەردانەکەیە.

ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە زیاتر لە ٥٠ ڕۆژە مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان دابەش نەکراوە و هەرێم و بەغدا لەسەر چۆنێتی ناردنی لیستی ناوەکانیان ڕیکەنەکوتوون.


AM:11:15:30/05/2024