کەسێکی دیکە بە تای خوێنبەربوون گیانی لەدەستدا

حاڵەتێکی دیکەی گیانلەدەستدان بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە شاری کەرکوک تۆمار کرا.

ئەمڕۆ هەینی ٣١ی ئایاری ٢٠٢٤ تەندروستیی كەركووك لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئافرەتێكی تەمەن ٢٥ ساڵ لە كەركوك بە ناوی (شوكریە مەحمود نەسیف)، بەهۆی نەخۆشی تای خوێنبەربوونەوە، گیانی لەدەستدا.

ڕاشیگەیاندووە " ئەم ئافرەتە كاری ئاژەڵداری كردووە و لە ئاژەڵەكانی تووشی نەخۆشییەكە بووە، و چەند ڕۆژێك پێش ئێستا پشكنینی بۆ كرابوو، دەركەوتبوو كە تووشی نەخۆشی تای خوێنبەربوون بووە".

ئەمە لەکاتێکدایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە سنووری دهۆک حاڵەتێکی گیان لەدەستدان بە نەخۆشییەکە تۆمارکرا و لە چەند پارێزگایەکی دیکەی عێراق گیان لەدەستدان تۆمارکراوە بەتایبەتی لە دیالە.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی گەرما و جەژنی قوربان لایەنە پەیوەندیدارەکان لە تەندروستی و ڤێتێرنەری چەندین رێککاری پێویست دەگرنەبەر بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشیەکە.


AM:11:24:31/05/2024