رۆژی دووشەممە پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر خشتەی بودجە دەدات

پەرلەمانی عێراق رۆژی دووشەممەی٣ی حوەزەیران دیاریکرد بۆ کۆبوونەوە لەبارەی دەنگدان بە خشتەی بودجەی ٢٠٢٤ و پەسندکردنی.
 
لە راگەیەنراوێکدا پەرلەمانی عێراق بڵاویکردووەتەوە کە رۆژی دووشەممە ٣ی حوزەیران  کاتژمێر ٣ی پاشنیوەڕۆ، پەرلەمان دانیشتن دەکات و دەنگ بە خشتەی بودجەی ٢٠٢٤ و ئەو شەش خشتەیە دەدرێت کە هاوپێچی کراوە.
 
خشتەی بودجە بۆ ئەم ساڵ نزیکەی ٢١١ تریلیۆن دینارە، پشکی هەرێمی کوردستان لەو بودجەیەدا زیاتر لە ٢٠ تریلیۆن دینارە. 
 
لیژنەی دارایی راپۆرتێک لەبارەی ئەو خشتەیەوە ئامادە دەکات و لەو کۆبوونەوەیە دەیخاتەڕوو و دوای خوێندنەوەی راپۆرتەکە، گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.
 
خشتەکانی بودجە تایبەتن بە خەرجی و داهات و کورتهێنانی پێشبینیکراو بۆ ٢٠٢٤.



AM:11:53:31/05/2024