هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا کەمی کردووە

بە پێی ئامارەکانی فەرمانگەی زانیاری وزەی ئەمریکا، هەفتەی ڕابردوو هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان کەمیکردووە.

فەرمانگەی زانیاری وزەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، هەفتەی ڕابردوو ویلایەتە یەکگرتووەکان لە هەر ڕۆژێکدا پێنج ملیۆن و ٤٦٧ هەزار بەرمیل نەوتی لە نۆ وڵاتەوە هاوردە کردووە کە بەراورد لەگەڵ هەفتەی ڕابردوو تر ڕۆژانە ٢٢٦ هەزار بەرمیل کەمیکردووە.

ڕوونیشیکردەوە کە هەفتەی ڕابردوو ئەمریکا ڕۆژانە ٢٣٣ بەرمیل نەوتی لە عێراقەوە هاوردە کردووە کە بەراورد لەگەڵ هەفتەی پێشووتردا ڕۆژانە شەش هەزار بەرمیل نەوت کەمتر هاوردە کراوە.

فەرمانگەکە ئەوەشی خستەڕوو، کەنەدا لە پلەی یەکەمی ئەو وڵاتانەدا بووە کە ئەمریکا نەوتی لێکڕیون، دوای ئەویش مەکسیک و سعودیەش لە پلەی سێیەمدا دێت.

ڕاشیگەیاند کە ئەمریکا نەوتی لە بەڕازیل، ئیکوادۆر، نەیجیریا و کۆڵۆمبیاش هاوردە کردووە.


AM:09:37:02/06/2024