وەزیری دارایی عێراق: مووچە بە کۆد نانێرم دەبێت ناو بنێرن

لە کاتێکدا دوو مانگە هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە، وەزیری دارایی عێراقیش بە بەرپرسانی کوردی راگەیاندووە" مووچە بە کۆد نانێرم".

 سەرچاوەیەکی کورد لە بەغدا بە " سپی " راگەیاند" تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق پەیامی بۆ هەرێم ناردووە کە ئەو واژووی پێدانی مووچە ناکات بۆ هێزە ئەمنییەکانی هەرێم و، مووچە بە کۆد نانێرێت، داوا دەکات، دەبێت ناوی چواری سەرجەم هێزە ئەمنییەکان بە لیست بنێردرێت بۆ وەزارەتی دارایی عێراق".

تەیف سامی ئەوەش بە بەرپرسانی هەرێم راگەیاندووە  کە مانگەکانی پێشوو دیوانی چاودێری دارایی عێراق بەرپرسیارێتی ئەو لیستانەیان هەڵدەگرت کە بە کۆد ناوەکانی نێردرابوو، بەڵام ئەمجارە دیوانی چاودێری دارایش بەرپرسیارێتی هەڵناگرێت و ئێمەش وەک وەزارەتی دارایی ناچینە ژێر ئەو بەرپرسیارێتییەوە.

تا ئێستا حکومەتی هەرێم ئەم زانیاریانەی لە مووچەخۆران شاردۆتەوە، هاوکات هیچ بەدیلێکی نەخسۆتەڕوو بۆ چارەسەکردنی ئەو کێشەیەو، تەنها هەرێم دەیەوێت لە رێگای فشاری دیبلۆماسیەوە چارەسەری بکات.

ئەوە لە کاتێکدایە کە لە رۆژانی داهاتوودا مووچەی مانگی پێنجی سەرجەم وەزارەتەکانی هەرێم دابەشدەکرێت، جگە لە وەزارەتە ئەمنییەکان. 



PM:02:50:07/06/2024