کەندا نوێنەرایەتی دیبلۆماسی خۆی لە عێراق کەمدەکاتەوە

حکومەتی کەندا بڕیار دەدات کە نوێنەرایەتی دیبلۆماسی لە عێراق لە کۆتایی ٢٠٢٥دا کەمبکاتەوەو تەنها باڵوێزخانەکەی بهێڵێتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیەدایە کە هاوپەیمانێتی دژی داعش نەخشەی بۆ کێشابوو.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کەندا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە" ستراتیژیەتی کەنەدا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی لە عێراق و سوریا لەسەر بنەمای رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی راستەوخۆی داعش و کاریگەرییەکانی لەسەر وڵاتانی لوبنان و ئەردەن داڕێژراوە، کە بڕیارە لە ساڵی ٢٠٢٥ دا کۆتایی بێت". 

لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کەندا جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە لەگەڵ کۆتایی هاتنی ئەو ئەرکەدا تیمی دیبلۆماسی خۆی لە عێراق و ئەردەن کەمدەکاتەوە.

هاوشێوەی ئەم هەڵوێستەی کەنەدا، دانیمارک لە ناوەڕاستی مانگی رابردوودا هێزەکانی خۆی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی دژی داعش لە عێراق کەمکردەوەو، باڵوێزخانەکەشی لە بەغدا داخست. 

هەینی رابردووش ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر داوای سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاری دا لە ٢٠٢٥ کۆتایی بە کاری یۆنامی بهێنێت کە زیاتر لە ٢٠ ساڵە لە عێراقدا. 



PM:03:57:07/06/2024