وەفدی هەرێم و کۆمپانیاکان و نەوتی عێراق نەگەیشتنە ئەنجام


ئەمڕۆ یەک شەممە کۆبوونەوەی وەفدی حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا نەوتیەكان و وەزارەتی نەوتی عێراق بۆچارەسەركردنی ناكۆكیەكان و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم نە گەیشتنە ئەنجام.

بەپێی زانیارییەکانی " سپی " هەردوو جیاوازییە قورسەکەی نێوان بەغداو هەرێم لە بارەی پارەی کۆمپانیاکانەوەو هەروەها پارەی تێچوونی بەرهەمهێنان و هەقدەستی کۆمپانیاکان نەگەیشتوونەتە ئەنجام و وەفدەکە ئەمشەو دەگەڕێنەوە هەرێم
 
ئەمڕۆ یەکشەممە ٩ی حوزەیران ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاند" شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان لەسەر بانگهێشتی وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتنە بەغد".

ئۆمێد سەباح ئاماژەی بەوەدا کە ئامانج لە سەردانی شاندی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ بەغدا بەیەکەوە و کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق  بۆ زیاتر درێژەدانە بە گفتۆگۆکان لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق و دانانی میکانیزمی چارەسەر بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم.

ماوەی زیاتر لە ١٤ مانگە پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیراوە، تا ئێستاش زیانی زیاتر لە ١٠ ملیار دۆلاری هەبووە.





PM:08:15:09/06/2024