لە بارەی فرەژنی‌و ئاوارەوە و وەهاب هەڵەبجەییەوە دادگا بڕیار دەدات

سبەی یەک شەممە ٣٠ی حوزەیران دادگای فیدراڵی لەسەر چوار کەیس بڕیار دەدات، سیانیان تایبەتن بە هەرێم، یەکێکیان لەسەر گەڕانەوەی ئاوارەکان و دانەیەکیان لەسەر رێگادان بە فرەژنی‌و سێهەمیشیان کەسێکی وەهاب هەڵەبجەیی لەسەر دۆسیەی تیرۆرکردنی هاوکار جاف.

بەپیی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی عێراق سبەی یەک شەممە، لەسەر سکاڵای ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراقەوە دژی هەریەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری ناوخۆ تۆمارکراوە. لە بارەی رێگریکردن لەگەڕانەوەی ئاوارەکان.

سکاڵاکار لە ناوەڕۆکی سکاڵاکەیەدا داوا دەکات، دادگای فیدراڵی بڕیار بدات بە بەردەوامبوونی کارکردن بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و داخستنی کەمپەکان و پابەندکردنی سکاڵالێکراوان بە گەڕاندنەوەی ئاوارەکان.

سکاڵای دووەم، لەلایەن پارێزەرێک بەناوی بەرهەم رەئوف، لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە و لەناوەڕۆکی سکاڵاکەیدا، ئەو پارێزەرە داوای هەڵوەشاندنەوەی هەمواری یاسای باری کەسێتیی عێراق دەکات، کە کۆت و بەندەکانی بەردەم هێنانی ژنی دووەمی قورس کردووە و بەگوێرەی هەموارەکە، رێگەنادرێت بەبێ رەزامەندیی دادوەر، پیاو ژنی دووەم بهێنێت.

هەرچەند لەماوەی رابردوودا ئەو پارێزەرە رایگەیاند، داوای پووچەڵکردنەوەی سکاڵاکەی کردووە بەڵام دادگای فیدراڵی سبەی یەکشەممەی وەکو رۆژی دادبینی لە سکاڵاکە دیاریکردووە.

سکاڵای سێیەم، لەلایەن وەهاب مەجید باقی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر لە سلێمانی لەدژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە و سکاڵاکار داوا دەکات، بڕیار دەربکرێت بە نادەستووریبوونی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ژمارە 3ـی ساڵی 2006.

هەر لە سکاڵاکەیدا وەهاب هەڵەبجەیی داوایکردووە، سەرجەم ئەو بڕیارانەی دادگاکانی هەولێر لە دژی دەرکراون هەڵبوەشێندرێتەوە.
دادگای تاوانەکانی هەولێر، "بەتۆمەتی بەشداریکردن لە کوشتنی هاوکار جاف، ئەفسەری دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان"، بەشێوەی نائامادەیی سزای لەسێدارەدانی بۆ وەهاب باقی مەجید و ژمارەیەک ئەفسەر و کارمەندی دژەتیرۆری سلێمانی دەرکرد.

هاوکار جاف کادرێرێکی ئەمنی یەکیتی نیشتمانی کوردستان بوو لەهەولێر لەناو ئۆتۆمبیلەکەیەدا لەگەڵ خێزانەکەی " تیرۆر" کراو یەکێتی تێدا تۆمتبار کرا.
 



PM:11:43:29/06/2024