ناوخۆی عێڕاق‌و هەرێم‌: سێ کەسی سەر بە پەکەکە تۆمەتبار دەکەن بە سوتانی بازاڕەکانی هەولێر و کەرکوک و دهۆک

وەزارەتی ناوخۆی عێراق و ناوخۆی هەرێم رایانگەیاند" سووتان بازاڕەکانی هەولێر و کەرکوک و دهۆک، دەستکردبوون و پارتی کرێکارانی کوردستان لە پشت سووتانی ئەو بازاڕانەوەن ".

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا کە ئەمڕۆ دوو شەممە ١ ی تەموز لە بەغدا سازکرا لە نێوان وەزارەتی ناوخۆی عێراق و ناوخۆی هەرێم لەبارەی ئەو ئاگرانەی لە هەر سێ پارێزگای هەولێر و دهۆک و کەرکوک لەم ماوەیەی رابردوودا کەوتەوە، پەکەکە تاوانبارکرا بە سووتانی ئەو بازاڕانەو سێ کەس لە کۆنگرە رۆژنامەگەرییەکەدا بە دەستوچاوی بەستراوەوە نیشان دران.

مقداد میری وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنگرەکەدا باسی لەوە کرد کە ئەو سێ کەسەی دەستگیرکراون دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوەو، لە رێگای مادەیەکەوە کە دوای چەند کاتژمێرێک ئاگرێک دەگرێت، ئەو بازاڕانەیان لە هەولێر و کەرکوک و دهۆک ئاگر تێبەرداوە.

باسی لە هەماهەنگی نێوان وەزارەتی ناوخۆی عێراق و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کرد لە دەستگیرکردن و لێکۆڵینەوە لەو رووداوەدا.

میری وتیشی" بەئامانجی زەرەر گەیاندن بە ئابوری وڵاتێک ئەو تاوانەیان ئەنجام داوە".

هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی ناوخۆ کە نوێنەرایەتی وەزارەتی دەرکرد لە کۆنگرە رۆژنامەگەرەکەدا بە راشکاوی ئاماژەی بەوە کرد کە پەکەکە بەرپرسە لە سوتانی ئەو بازاڕانەو ئەو سێ کەسەی دەستگیرکراوەن راهێنانیان کردووە لە سلێمانی و کفری و سەنگەسەر لەلایەن پەکەکەوە.

بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی ناوخۆ ناوەکانی ئاشکرا کردو وتی " ئەو سێ کەسە یەکێکیان کە سەرپەرشتیکاری گرووپەکە بووە ناوی هونەر فەرخرەدین ئەحمەد و لە هێزەکانی ٧٠ یە، هەروەها ئەندامێکی تری گرووپەکە ناوی محەمەد نەجات حەسەنە ئەفسەری  دژەتیرۆرە".

لە بارەی ئامانجی ئەو گرووپەوە، هێمن هەورامی رایگەیاند" ئەو سوتانە دەستکردن و ئامانجی لێی بۆ ئەوە بووە کە خەڵک توڕەبێت و ناڕەزایەتی زیاتربێت لەلایەن خەڵکەوە دژی حکومەت".

همێن هەورامی داوا لە هاوڵاتیانی زەرەرمەندی ئەو بازاڕانە دەکات کە داوای یاسایی تۆمار بکەن دژی بکەرانی سوتانی ئەو بازاڕانە.

لە ساڵی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ دا ژمارەیەک بازاڕ لە هەولێر و کەرکوک و دهۆک سوتان کە بووە مایەی نیگەرانی خەڵکی کوردستان و عێراقیش و زەرەرو زیانێکی زۆری بە خەڵکی کاسبکاری ئەو بزاڕانە گەیاند.




PM:12:50:01/07/2024