وەزارەتی بازرگانی عێراق: ٢٠ی ئەم مانگە وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێم كۆتایی دێت

وەزارەتی بازرگانی عێراق بڕیاریدا بە كۆتایی هێنان بە وەرزی بەبازاڕكردنی گەنمی جوتیارانی هەرێم و ڕایدەگەیەنێت، ٢٠ی ئەم مانگە وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێم كۆتایی دێت.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی بازرگانی عێراق، لیژنەی ناوەندی بەبازاڕکردنی سەر بە کۆمپانیای گشتی بازرگانی دانەوێڵە بە سەرۆكایەتی حەیدەر نوری گڕاوی، بەڕێوەبەری گشتی دانیشتنی ژمارە (٢٠)ی ئەنجام دا بۆ تاوتوێکردنی گرنگترین و دوایین پێشهاتەکانی وەرزی بەبازاڕکردنی بەروبوومی گەنم.

گڕاوی ڕایگەیاندووە" لیژنەکە گرنگترین پرسەکانی بەرنامەی کارەکەی تاوتوێ کردووە و بە کۆی دەنگ بڕیاری دا لە ٢٠ی مانگی تەمموزی ئەمساڵ وەرزی بەبازاڕکردن لە هەرێمی کوردستان دابخرێت بۆ ساڵی ٢٠٢٤ لە (هەولێر، دهۆک، سلێمانی)".

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، لە میانی دانیشتنەکەدا جەخت لەوە کرایەوە، کە ستافی تەکنیکی و کارگێڕی بەردەوام دەبن لە پرۆسەی وەرگرتن و دابەزاندنی ئۆتۆمبێل تا درەنگانی شەو بۆ وەرگرتنی زۆرترین بڕی گەنمی ماوەتەوە بۆ پشکی هەرێم، لەگەڵ ڕێنماییەکان بۆ پێکهێنانی لیژنەی تایبەتمەند لە بەشی کۆنترۆڵ و ئەندازیاری و تەکنەلۆژیای زانیاری بۆ بەدواداچوون و چالاککردنی سیستەمی پەنجەمۆری شەوانە بۆ کاری فەرمانبەران.


PM:09:05:16/07/2024