مەها جەنابی: هیچ رێککەوتنێک لەسەر پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق نەکراوە

ئەندامی فراکسیۆنی تەقەدوم لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد" کە هیچ رێککەوتنێک لەسەر پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نەکراوە و بەدووری دەزانم لەو وادەیەی چوارچێوەی هەماهەنگیی بۆ لایەنەکانی سووننە دیاریکردووە، هیچ رێککەوتنێک ئەنجامبدرێت".

مەها جەنابی، ئەندامی فراکسیۆنی تەقەدوم لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا راگەیاند "لەماوەی رابردوودا بەهۆی پشووی پەرلەمانەوە، هیچ دانیشتن و گفتوگۆیەک لەنێوان لایەنەکانی سووننە ئەنجامنەدراوە لەسەر پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق".

ئاماژەی بەوەشکرد "لەبەر گرنگیی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پێویستبوو سووننە ئەندامەکانی بانگهێشتبکردایە بۆ کۆبوونەوە و راوێژ لەبارەی دیاریکردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران، بەڵام ئەوە نەکرا، بۆیە بەدووری دەزانم لەو وادەیەی چوارچێوەی هەماهەنگیی بۆ لایەنەکانی سووننە دیاریکردووە، هیچ رێککەوتنێک ئەنجامبدرێت".

وتیشی "بەگوێرەی شایستەیی هەڵبژاردن، پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە پشکی تەقەدوم دەزانین و پێویستە دووبارە بدرێتەوە بە تەقەدوم، بەڵام ئەگەر گفتوگۆ ئەنجامبدرێت، دەکرێت بەرێککەوتن ئەو پرسە یەکلاییبکرێتەوە".

دوای دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی لە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە، زیاتر لە هەشت مانگە پۆستەکە بەبەتاڵیی ماوەتەوە و بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکانی سووننە، نەتوانراوە هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ ئەنجوومەنەکە یەکلاییبکرێتەوە.


PM:11:35:18/07/2024