"هەڵوێست بەرامبەر ئەو وڵاتانە بگیرێتەبەر کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردووەتەوە"

سەرۆکی ڕەوتی سەدر داوا لە حکومەتی عێراق دەکات هەڵوێستی هەبێت لەسەر ئەو وڵاتانەی کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردووەتەوە. 

موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدری، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی لە تویتێکدا لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆڕمی (ئێکس) ڕایگەیاندووە" داوا دەکەم لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی کە باڵیۆزخانەی ئیسرائیل دابخەن و بە شێوەیەکی گشتگیر بەرهەمەکانی ئەو وڵاتە بایکۆت بکەن". 

دەشڵێت" پێویستە کار بۆ دەرکردنی بڕیارێکی توند بکرێت کە کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی و ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی گوشار بخەنە سەر ئەنجومەنی ئاسایش و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست لە دژی ئیسرائیل". 

سەدر لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا داواش لە حکومەتی عێراق دەکات کە هەڵوێستی دیپلۆماسی بەرامبەر ئەو وڵاتانە بگرێتەبەر کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردووەتەوە.



PM:04:25:02/08/2024