دادگای فیدراڵی: بڕیار لەسەر هێزەکانی هاوپەیمانان لە چوارچێوەی تایبەتمەندییەكانی ئێمەدا نییە

دوو پەرلەمانتار لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵای یاساییان لەسەر هەریەکە لە سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆماری عێراق تۆمار کردبوو، کە دەبێت هێزەکانی هاوپەیمان لە عێراق نەمێنن، بەڵام ئەمڕۆ داداگای فیدراڵی سکاڵاکەی رەتکردەوە و رایگەیاند" سكاڵاكە لە چوارچێوەی تایبەتمەندییەكانیدا نییە".

ئەمڕۆ دووشەممە، ٥ی ئابی ٢٠٢٤، دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر سکاڵای هەریەكە لە پەرلەمانتاران (باسم خەزعەل خەشان)و (مستەفا جەبار سەنەد)، کۆبووەوە کە سكاڵاكەیان لەسەر محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و دکتۆر لەتیف ڕەشید، سەرۆك كۆماری عێراق تۆماركردبوو، تێیدا داوایان لە دادگای باڵای فیدراڵی كردبوو بڕیار بدات بەوەی، ڕەزامەندی سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆمار بۆ ڕێگەدان بە مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەسەر خاكی عێراق نادروستە و بڕیارەكەیان هەڵوەشێنێتەوە.

داداگای فیدراڵی سکاڵاکەی ئەو دوو پەرلەمانتارەی  رەتکردەوە و رایگەیاند" سكاڵاكە لە چوارچێوەی تایبەتمەندییەكانیدا نییە".

لە سکاڵاکەی ئەو پەرلەمانتارانەدا هاتبوو" لەمەش زیاتر سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆمار پابەند بكات دوای تەوابوونی ماوەی ڕێككەوتنەكە، ئەو ناوچەو دامەزراوانە بگەڕێننەوە كە لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە بەكاردەهێنرێن".





PM:03:23:05/08/2024