هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەی ئەمنی ئاستبەرز لە نێوان عێراق و تورکیا ئەنجام دەدرێت

وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژە  بەوەدەکات کە لە هەفتەی داهاتوودا کۆبوونەوەی میکانیزمی ئەمنی ئاستبەرز لەنێوان عێراق و تورکیا ئەنجام دەدرێت

وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئیستانبوڵ لەبارەی چوارەم کۆبوونەوەی ئەمنیی هاوبەشی نێوان تورکیا و عێراق رایگەیاند" هەفتەی داهاتوو لە ئەنقەرە چوارم کۆبوونەوەی میکانیزمی ئەمنی ئاستبەرز لەنێوان هەردوو وڵات ئەنجام دەدرێت". 

هاکان فیدان وتیشی"  بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ بە دامەزراوەییکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق، و هەنگاوی گرنگیان ناوە لەگەڵ عێراق لەمبارەیەوە و لە کاتی سەردانەکەی سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان واژوو لەسەر ٢٧ ڕێککەوتننامە کراوە لەگەڵ عێراق".

ئەو قسانەی هاکان فیدان لە کاتێکدایە کە حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق بێدەنگی بەرامبەر لەشکرکێشییە بەرفراوانەکەی سوپای تورکیا بۆ سەر ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان هەڵبژاردووە بە پاساوی "ئۆپەراسیۆن بۆ سەر پەکەکە"، و لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکانی عێراق بە پاساوی ئەوەی سەر بە پەکەکەن بڕیاری دا هەریەک لە تەڤگەری ئازادی، پارتی ئازادیی دیموکراتی ئێزدی و بەرەی تێکۆشانی دیموکرات قەدەغە بکات و هەڵبوەشێندرێنەوە. 




PM:04:51:10/08/2024