سودانی: ناوچەکەمان لە بەردەم مەترسی گەورە دایە

سەرۆک وەزیرانی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە کە ناوچەکە لە بەردەم مەترسیدایە و دەڵێت"  جەخت لە هەڵوێستی خۆمان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دەکەینەوە".

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٤ی ئابی ٢٠٢٤ سەرۆک وەزیرانی عێراق بەشداریی نوێژی هاوبەشی بۆ گەیشتن بە سەقامگیری لە ناوچەکەدا کرد لە کەنیسەی کلدانی سانت یوسف لە نێوەڕاستی بەغدا.
 
محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانی ڕێوڕەسمەکە وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند" ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستیمان بە یەکڕیزییە. زیاتر لە ١٠ مانگە فەلەستینییەکان دەکرێنە ئامانج و ڕووبەڕووی کوشتن و کاولکاری بوونەتەوە".
 
سوودانی دەڵێت" دەستدرێژیی زایۆنیستەکان بۆ سەر غەزە مەترسی لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە و جیهان دروست کردووە، لەگەڵ دۆستانمان لە ناوچەکە بەردەوامین بۆ ئەوەی ڕێگری لە پەرەسەندنەکان بکەین".

سودانی ڕاشیگەیاند" جەخت لە هەڵوێستی خۆمان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دەکەینەوە و ڕێگە بە هیچ لایەنێک نادەین دەستوەردان لە وڵاتەکەماندا بکات".



PM:08:26:14/08/2024