وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاماژە بەوەدەکات کە سبەی چوارەم کۆبوونەوەی میکانیزمی ئەمنی ئاستبەرز لەنێوان عێراق و تورکیا لە ئەنقەرە ئەنجام دەدرێت.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە" سبەی پێنج شەممە لە ئەنقەرە چوارم کۆبوونەوەی میکانیزمی ئەمنی ئاستبەرز لەنێوان هەردوو وڵات ئەنجام دەدرێت".
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە،" شاندی بەشداری تورکیا لە کۆبوونەوەکەدا بریتی دەبن لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە، یاشار گولەر، وەزیری بەرگری، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا میت و مونیر کاراڵئۆغڵو، جێگری وەزیری ناوخۆی تورکیا".
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت" پرسی سەرەکی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردنە لەبارەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و پێشهاتەکانی ناوچەکە".
پێش کۆبوونەوەی شاندەکانی هەردوولا، بڕیارە هاکان فیدان و فوئاد حسێن بە دوو قۆڵیی کۆببنەوە.
لای خۆشیەوە هاکان فیدان رۆژی شەممەی رابردوو وتی " بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ بە دامەزراوەییکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق، و هەنگاوی گرنگیان ناوە لەگەڵ عێراق لەمبارەیەوە و لە کاتی سەردانەکەی سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان واژوو لەسەر ٢٧ ڕێککەوتننامە کراوە لەگەڵ عێراق".
ئەو قسانەی هاکان فیدان و وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە کاتێکدایە کە حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق بێدەنگی بەرامبەر لەشکرکێشییە بەرفراوانەکەی سوپای تورکیا بۆ سەر ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان هەڵبژاردووە بە پاساوی "ئۆپەراسیۆن بۆ سەر پەکەکە"، و لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکانی عێراق بە پاساوی ئەوەی سەر بە پەکەکەن بڕیاری دا هەریەک لە تەڤگەری ئازادی، پارتی ئازادیی دیموکراتی ئێزدی و بەرەی تێکۆشانی دیموکرات قەدەغە بکات و هەڵبوەشێندرێنەوە.
یەکەم کۆبوونەوەی باڵای ئەمنیی هەردوولا لەدوای سەردانەکەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق بۆ ئەنقەرە لەساڵی ٢٠١٩ بەڕێوەچوو. لە سەردانەکەی هاکان فیدان کە مانگی ئابی ٢٠٢٤ بۆ بەغدادی ئەنجامدا، پرسی گفتوگۆ ئەمنییەکانی نوێکردەوە و لە ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، لە ئەنقەرە دووەمین کۆبوونەوەی لوتکەی ئەمنیی هەردوو وڵات بەڕێوەچوو. لە ١٤ی ئازاریی هەمان ساڵ، سێیەمین کۆبوونەوەی ئەمنیی هەردوو وڵات لە بەغداد بە بەشداریی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە، یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا ئەنجامدرایەوە. دیارترین ئەنجامی کۆبوونەوەکەش بۆ تورکیا، ناساندنی پارتی کریکارانی کوردستان بوو لەلایەن عێراقەوە بە رێکخراوێکی قەدەغەکراو. کۆبوونەوەکەی سبەینێش دەبێتە چوارەمین کۆبوونەوە.