لە عێراق و هەرێم دوو ڕۆژ قەدەغەی هاتووچۆ ڕاگەیەندرا

حکومەتی عێراق بڕیاریدا بە سەپاندنی قەدەغەی هاتووچۆ لە ڕۆژانی ٢٠ و ٢١ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ لە سەرجەم ناوچە و شارەکانی ئەو وڵاتە، بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتوان. 

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌" ئەنجومەنی باڵای دانیشتوان لە کۆبونەوەکەیدا بە سەرۆکایەتی سەرۆکی محەمەد شیاع سودانى چەند بڕیارێکیدا، لەو کۆبوونەوەیەدا ئەو ئامادەکارییانەی کە دەکرێن بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتوان و نیشتەجێبوون لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ تاوتوێکران". 

ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک بڕیار پەسەندکران کە کارئاسانی دەکەن بۆ ئامادەکاری و پڕۆسەی مەشق و ڕاهێنان بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتوان لەوانە سەپاندنی قەدەغەی هاتووچۆ لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق لە ڕۆژانی (٢٠ و ٢١)ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتوان.

هەروەها بڕیاردرا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی پێداویستییەکان بکرێت سەبارەت بە ڕاهێنانی کارمەندی ئاماری بۆ پرۆسەی ژمارەدان و ژماردن. 

هاوکات لەنێو بڕیارەکاندا پاڵپشتی وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەیە بۆ پرۆسەی ئامار لە ڕێگەی ئامادەکردنی هۆڵەکانی خوێندن بۆ مەشق و ڕاهێنان، هەروەها سەنتەری لاوان لە ڕێگەی وەزارەتی لاوان و وەرزشەوە.

ئەنجومەن لە بڕیارەکانیدا جەختی لە گواستنەوەی خێرای پێداویستییە داراییەکان و تەرخانکردنەکان بۆ دابینکردنی دارایی پڕۆژەی سەرژمێری کردەوە.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە میوانداریکردنی سەرۆکی دەستەی ئامار و سیستەمی زانیاری جوگرافی لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاکان کراوە.

لە کۆبوونەوەکەدا توێژینەوەی هەموارکردنەوەی یاسای پەروەردەی ناچاری ژمارە ١١٨ی ساڵی ١٩٧٦ پەسەندکرا، هەروەها پشتگیریکردنی دەستەی کارگێڕی بۆ بنبڕکردنی نەخوێندەواری لە پارێزگاکان، و دابینکردنی تەرخانکردنی دارایی پێویست بۆی.

ژمارەی دانیشتووانی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣، بەپێی ئەو خەمڵاندنانەی وەزارەتی پلاندانان ئامادەی کردوون، گەیشتووەتە ٤٣ ملیۆن کەس، هەروەها وەزارەتی پلاندانان پێشبینی دەکات تا ساڵی ٢٠٢٨ ژمارەی دانیشتوانی عێراق بگاتە ٤٨ ملیۆن کەس.



PM:04:20:01/09/2024