ئێران و عێراق ١٤ لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد

بەیانی ئەمڕۆ سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازیی لێ کراو لە دوای کۆبوونەوەی نێوانیان ١٤ یاداشتی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە ١١ی ئەیلوول کۆبوونەوەی نێوان محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران  لە کۆشکی حکومی لە بەغدا بەڕێوەچوو.
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا بلاویکردەوە" کە لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ سەبارەت بە هاوکاریی نێوان هەردوو وڵات کرا، کە بەرژەوەندی و سوودی دوولایەنە بەدیبهێنێت. بەدواداچوون بۆ کاری لیژنەی باڵای هاوبەشی عێراق و ئێران کرا، کە کۆبوونەوەی داهاتووی لە بەغدا دەکرێت."
 
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە " هاوکاریی ئەمنیی هاوبەش تاوتوێ کرا، لەگەڵ هاوکاریی بنیادنەرانە لە بوارەکانی پیشەسازیی پاڵاوتن و وزە و هاوکاریی نێوان کەرتی تایبەتی هەردوو وڵات."
 
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی هێڵی ئاسنی (بەسرە - شەلەمچە) بۆ گواستنەوەی گەشتیاران  و باسی لە گرێدانی ئایینی، کۆمەڵایەتی و مێژوویی کرد، و هەروەها  سودانی وتی"حکومەت مکوڕە لەسەر تەواوکردنی یاداشتە لێکتێگەیشتنەکان و جێبەجێکردنیان."
 
سەرۆککۆماری ئێران باسی قووڵایی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرد، کاریگەریی "پەیوەندی نایابیان بەسەر سەقامگیریی ناوچەکە" و دووپاتی لە خواستنی وڵاتەکەی کردەوە، بۆ کاری هاوبەش و پەرەپێدانی هاوبەشی ئابووریی نێوان هەردوو وڵات. 
 
بە پێی راگەیەنراوی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ،سودانی و پزیشکیان  سەرپەرشتی رێوڕەسمی واژۆکردنی ١٤ یاداشتی لێکتێگەیشتنیان کرد لە بوار و کەرتە جیاوازەکان: ئابووریی، هاوکاری مەشق، لاوان و وەرزش، ئاڵوگۆڕی فەرهەنگی، هونەری، شوێنەوار، پەروەردە، هاوکاری میدیایی، گەیاندن، گرووپی گەشتیارانی ئایینی، هاوکاری لە بواری ناوچەی ئازادی نێوان عێراق- ئێران، کشتوکاڵ، سامانە سروشتییەکان، پۆستە، پاراستنی کۆمەڵایەتی، مەشقی پیشەیی و هونەری، پەرەپێدانی هێزی کاری کارامە و هاوکاری ژوورەکانی بازرگانی.
 
 لە عێراق، وەزیرانی دەرەوە و بازرگانی و سەرۆکی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی یاداشتەکانیان واژۆ کرد. لەلایەنی ئێرانی-ش وەزیرانی دەرەوە و ئابووری واژۆیان لەسەر یاداشتە لێکتێگەیشتنەکان کرد





PM:02:05:11/09/2024