حەلبوسی: دژی پێدانی تۆپهاوێژی پێشكەوتووین بە پێشمەرگە

سەرۆکى پارتی تەقەدووم دژایەتی خۆى بۆ پڕچەککردنى هێزە ناوخۆییەکان بە تۆپهاوێژى پێشکەوتوو دەربڕی و دەڵێت" کارێکى لەو جۆرە لێدانە لە ئاسایشى کۆمەڵایەتی". 

محەمەد حەلبوسی سەرۆكی حزبی تەقدوم، شەوی ڕابردوو لە نوسینێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئێكس) ڕایگەیاند" بە توندی چەککردنی ئەو هێزە ناوخۆییانە ڕەتدەکەینەوە کە ئەرکی دەستوورییان سنوردارە بە پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ لە سنوری بەرپرسیارێتی خۆیاندا". 

حەلبوسی دەشڵێت" ئەو كارە رەنگە ببێتە هۆی لێدانی ئاسایشی كۆمەڵگا بەشێوەیەكی گشتی، بە تایبەت لە هەردوو پارێزگای نەینەوا و كەركوك، ئەگەر ئەو چەكانە خراپ بەكاربهێنرێن لە ململانێ نەتەوەیی و حزبیەكان لە ئایندەدا". 

محەمەد حەلبوسی ڕاشیگەیاندووە" ئەو جۆرە چەکانە دەبێت تەنها لەلای سوپای عێراق بێت کە بەردەوام داوامانکردووە بۆ باشتركردنی  تواناکانیان". 


PM:06:06:15/09/2024