ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی رایگەیاند" هێرشەکانی گروپی مقاوەمەی عێراق ترس و نیگەرانی لای خەڵكی ئیسرائیل دروستكردوە، سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاساش دەڵێت، ڕەنگە هەندێک پێگەی عێراقی لەلایەن ئیسرائیلەوە بکرێنە ئامانج".
رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستی ئیسرائیلی، بڵاویكردوەتەوە؛ لەگەڵ فراوانبونی هێرشەكانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر بنكە و بارەگاكانی حزبوڵای لوبنان، مقاوەمەی ئیسلامی عێراق بە موشەك هێرشی كردوەتە سەر بنكەكانی سوپای ئیسرائیل، ئەوەش ترس و نیگەرانی لای خەڵكی ئیسرائیل دروستكردوە.
ڕۆژنامەکە رونیكردوەتەوە، لەچەند رۆژی رابردودا مقاوەمەی ئیسلامی عێراق لەڕیگەی دو فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە هێرشیان كردوەتە سەر شاری ئیلات لە ئیسرائیل كە بەهۆیەوە دو هاوڵاتی برینداربون و زیانی مادی بە شوێنەكە گەیاندوە.
لای خۆشییەوە سەعد مەتڵەبی، سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا بە میدیاکانی راگەیاند، ڕەنگە هەندێک پێگەی عێراقی لەلایەن ئیسرائیلەوە بکرێنە ئامانج، چونکە عێراق هاوکاری گەلی لوبنانی کردوە.