لەسەر فەرمانی وەزیری نەوتی عێراق بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
ئەمڕۆ پێنج شەممە میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە" فەرمانێکی وەزاری لەلایەن وەزیری نەوتی عێراقەوە دەرچووە بۆ دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای نەوتی باکور بۆکان حەسەن عەبدوڵڵا لە پۆستەکەی و ڕاسپاردنی کەسی دووەم بە وەکالەت بۆ بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکە".
ئاماژە بەوەشدەکەن، فەرمانی دەرکردنەکە بە هۆکاری تەکنیکی پەیوەست بە کارەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور دەرچووە و چەند بابەتێکی دیکە کە لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە دیاریکراوە.
دەشڵێن" وەزارەت یاریدەدەرێکی بۆ کۆمپانیای نەوتی باکوور ڕاسپاردووە بە مەبەستی بەڕێوەبردنی کاروباری کۆمپانیاکە تا ئەو کاتەی بەڕێوەبەرێکی گشتی نوێی کۆمپانیاکە دەستنیشان دەکرێت، ھەروەھا بەڕێوەبەری دوورخراوەش وەک یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای نەوتی باکور بۆ کاروباری تەکنیکی دەستنیشانکراوە".