"بە توندترین شێوە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران شەرمەزار دەکەین"

حکومەتی عێراق ئیدانەی ئەو هێرشەی کرد کە سوپای ئیسرائیل لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆ سەر ئێران ئەنجامی دا، هاوکات هۆشداری خۆی لە بەرامبەر فراوانبوونی ململانێکان لە ناوچەکە نوێکردەوە.

بەسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق، کەمێک پێش ئێستا لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە" قەوارەی زایۆنیستی قۆرخکار درێژە بە سیاسەتە شەڕانگێزەکانی و فراوانکردنی ململانێی ناوچەکە و شێوازی هێرشی ئاشکرای خۆی دەدات کە بەبێ ڕێگریکردن ئەنجامی دەدات و ئەمجارەش دەستی ئاراستە دەکات بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، لەگەڵ ئەو هێرشە ئاسمانیەی کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆ سەر ئامانجە ئێرانییەکان ئەنجامیدا". 

ناوبراو دەشڵێت" عێراق پێشتر هۆشداری دابوو سەبارەت بە لێکەوتە مەترسیدارەکانی بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە هەڵسوکەوتی زایۆنیستی بەرامبەر بە گەلەکەمان لە فەلەستین، هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان و سوریا و، هەروەها دەستدرێژی نوێ بۆ سەر ئێران". 

عەوادی لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت" لە کاتێکدا عێراق بە توندترین شێوە ئەم دەستدرێژییە ئیدانە دەکات، هاودەنگی و هەڵوێستی خۆی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران نوێ دەکاتەوە، داوای ئاگربەست لە غەززە و لوبنان دەکات، و کردەوەی هەمەلایەنەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆ پشتگیریکردن لە سەقامگیری لە ناوچەکەدا". 



AM:11:24:26/10/2024