بۆ دووەم جار لە هەفتەیەکدا دانیشتنی پەرلەمان گرژی لیکەوتەوە و شکستیهێنا لە تێپەڕاندنی سێ یاسای مشتومڕاوی بە گوێرەی زانیارییەکان ئاڵۆزی لە نێوان پەرلەمانتارانی کورد و سوننە دروستبووە.
نووسینگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ٢٩ی تشرینی یەکەم لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بەهۆی ئەوەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان چەند پەرلەمانتارێک دروستبوو دانیشتنەکە دواخرا.
بڕیاربوو لە کۆبوونەوەکەدا دەنگدانی کۆتایی لەسەر هەمواری یاسای باری کەسێتیی عێراق بدرێت و هەروەها دەنگ لەسەر بڕگەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی سەردەمی رژێمی پێشوو بەدرێت کە پەیوەستە بە تەعریب لە كەركوك و دەوروبەری و گێڕانەوەی زەوییەكان بۆ خاوەنەکانیان کە كورد و توركومانەكانن.
بە گوێرەی زانیارییەکان، لە دانیشتنی ئێوارەی ئەمڕۆدا، ئاڵۆزی لەنێوان پەرلەمانتارانی كوردو سوننە دروستبووە لەسەر یاسای گەڕاندنەوەی زەوی و زار بۆ خاوەنەكانیان، كە سوننەكان و بەتایبەت پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی تەقەدوم، كە محەمەد حەلبوسی سەرۆكایەتی دەكات بە توندی دژی یاساكەن و نایانەوێت زەوی و زارەكانی كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان بۆ خاوەنە رەسەنەكانیان بگەڕێتەوە كە كوردن.
زانیارییەکان ئاشکراشی دەکەن، . ئاڵۆزییەكان كاتێك سەریهەڵداوە، لیژنەی یاسایی پەرلەمان دەستیكردووە بە خوێندنەوەی مادەكانی یاسای گەڕانەوەی زەوی و زار بۆ خاوەنەكانیان، لەو كاتەدا ئاڵۆزی لەنێوان پەرلەمانتارانی كوردو سوننەدا دروستبووە لەسەر هەندێك لە بڕگەكانی یاساكە، دوای كشانەوەی پەرلەمانتارانی سوننە لە دانیشتنەكەی پەرلەمان، سەرۆكی ئەنجومەن بڕیاریداوە دانیشتنەكە بۆ كاتێكی نادیار دوابخات.