سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق دوو بڕیاری له‌باره‌ی تەوتینی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كه‌رتی حكومی و تایبەت و پارەدان لە فەرمانگەكان ده‌ركرد، كە تاوەكو ١ی ٧ی ٢٠٢٥ به‌كارهێنانی پاره‌ی كاش له داموده‌زگاكانی حكومه‌ت كۆتایی دێت.
نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بڵاویكردەوە، له‌چوارچێوه‌ی جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی چاكسازی دارایی و ئابووریدا، كه نوێنه‌رایه‌تی یه‌كێك له گرنگترین ئه‌وله‌ویه‌ته‌كانی حكومه‌ت ده‌كات، محەمەد شیاع سودانی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران فه‌رمانی گرتنه‌به‌ری چه‌ند هه‌نگاوێكی كرد، بۆ پته‌وكردن و په‌ره‌پێدانی سیسته‌م و خزمه‌تگوزارییه‌كانی پاره‌دانی ئه‌لیكترۆنی.
ئاشكراشی كردووە، سودانی بڕیاری داوە بۆ تەوتین كردنی مووچه‌ی كارمه‌ندانی كه‌رتی تایبه‌ت هاوشێوه‌ی كه‌رتی حكومی و ڕاسپاردنی هه‌ر یه‌ك له وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و بانكی ناوه‌ندی عێراق، بۆ به‌شداری كردنی ژماره‌یه‌ك دامه‌زراوه‌ی كه‌رتی تایبه‌ت، به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی میكانیزمێكی گونجاو بۆ ئه‌م مه‌به‌سته.
جەختیشكراوەتەوە، "وه‌زاره‌ته‌كان و سه‌رجه‌م داموده‌زگاكانی حكومه‌ت ده‌ستبه‌رداری پاره‌دان نه‌ختینه (كاش) بن و پاره‌دانی ئه‌لیكترۆنی به‌كار بهێنن له پاره‌دان و مامه‌ڵه په‌یوه‌ندیداره‌كانی تردا”.
بەپێی بڕیارەكە، له‌ڕێگه‌ی پلانێكی یه‌كخراوه له‌لایه‌ن هه‌ر وه‌زاره‌تێك یان دامه‌زراوه‌یه‌كی حكومییه‌وه پێش ٣١ی ١٢ی ٢٠٢٤ پێشكه‌ش بكرێت، به مه‌رجێك جێبه‌جێكردنی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م پلانه تا ١ ی ٧ی ٢٠٢٥ـه‌وه ئەنجام بدرێت.