سودانی ڕەزامەندی لەسەر پەسەندکردنی ٣٥ پرۆژەی خزمەتگوزاری نوێ دەدات

ئەمڕۆ شەممە ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر پەسەندکردنی ٣٥ پڕۆژەی خزمەتگوزاری نوێ بۆ پڕۆژەکانی ساڵی ٢٠٢٤ لە بەغدای پایتەخت و پارێزگاکانی دیکە.

بەپێی بەیاننامەیەکی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی ئاسایی تیمێکی خزمەتگوزاری و ئەندازیارانی کرد، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە پێداچوونەوە بە پێشکەوتنی جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە کرایەوە کە تیمی هەوڵدان کاریان لەسەر دەکات و ڕێژەی تەواوبوونیان تێدا بەدەست هاتووە. 

هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە، هەر لە کۆبوونەوەکەدا ٣٥ پڕۆژەی خزمەتگوزاری نوێ پەسەندکرا، بۆ ئەوەی هاوپێچ بکرێن بە پڕۆژەکانی ساڵی ٢٠٢٤، و ئەوانیش جێبەجێکردنی لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا لە بەغدا و ژمارەیەک پارێزگای دیکە دەستپێدەکات.

لای خۆشیەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لە پێویستی تەواوکردنی پڕۆژەکانی ساڵی ٢٠٢٤ کردەوە پێش کۆتایهاتنی ئەمساڵ. 

سودانی ئەوەشی خستەڕوو، ئەو پڕۆژانە دەبێت بەپێی تایبەتمەندی ستاندەردی باڵای تەکنیکی جێبەجێبکرێن، بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەکە بۆ هاوڵاتییان بەشێوەیەکی چۆنیەتی و جیاواز پێشکەشبکرێن. 



PM:02:25:16/11/2024