هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و ناوچەکە پێشبینی دەکەن دۆخی عێراق گۆرانکاری ئەمنی بەسەردا بێت و رووداوی لە ناکاو رووبدات، هەربۆیە هێزەکانی کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادە باشیەوەو رێوشوێنەکانی خۆپارێزیان توندتر کردۆتەوە.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان بنکە سەربازییەکانی عەین ئەسەد لە ناحیەی بەغدادی لە پارێزگای ئەنبار و، بنکەی سەربازی هەریر لە هەولێر سەرجەم دەرگا رێگاو شوێنە ئەمنی و سەربازییەکانیان توندکردۆتەوە.
لە عەین ئەسەد لە ئەنبار دەرگا سەرەكیەكانی بنکە سەربازییە داخراوەو جموجۆڵ تێدا كەمبووەتەوە، ئەمە لە كاتێكدایە زەنگی ئاگاداركردنەوە یاخود هیچ مووشەكێك ئاراستەی بنكەكە نەكراوە.
لە بنكەی سەربازی هەریریش، جموجۆڵ كەمكراوەتەوە و كەرەستەی بەرپەرچدانەوەی پێشكەوتو بۆ بنكەكە هێنراوە و جێگیر دەكرێت.
ئاماژە بەوەش دەکرێت ئەم رێوشوێنانە، لە فەرماندەی هێزەکانی ناوەراستی ئەمەریکاوە بۆ سەرجەم هێزەکانیان لە ناوچەو بەتایبەتی عێراق و سوریا دەرچووە.
هەر ئەمڕۆ فواد حسێن لە کۆڕبەندی مێپس ٢٤ لە زانکۆی ئەمەریکی لە دهۆک بە دووری نەزانی کە عێراق رووبەڕووی هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بێتەوە، پێدەچێت ئەم رێوشوێنە ئەمنییەی هێزەکانی ئەمەریکاش ئەنجامی دەدەن بۆ پاراستنی بنکەکانی هێزەکانیان بێت لە پەرچەکرداری میلیشیا شیعەکان کاتێک عێراق رووبەڕووی هێرشی ئیسرائیل دەبێتەوە.