سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق، حەیدەر عەبادی دەڵێت"مەترسیی ئەوەشی هەیە بڕیاری سیاسیی عێراق بكەوێتە دەست ئەو كەسانەی سەركێشی دەكەن".
حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێكس) لە بارەی دۆخی عێراق و ناوچەکەوە و مەترسیەکانەوە پەیامێكی بڵاو كردووە.
عەبادی ئاماژە بەوە دەکات کە ساتەوەختێكی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بەڕێوەیە، ساتی گۆڕانكاریی مەترسیدار و مەترسیهێنەر، عێراق لە بەردەم زریان و ڕەشەبادایە.
عەبادی مەترسیەکانی سەر عێراق لە سێ خاڵدا کۆ دەکاتەوە:
یەكەم: دابەشبوونی سیاسی لەسەر ئاستی سیاسەت و بڕیارە نیشتمانییەكان.
دووەم: رێگەدان بەوانەی سەركێشی دەكەن كە سەركردایەتی سیاسەت و بڕیارە نیشتمانییەكان بكەن.
سێیەم: لادانی بەرەیی لە سیاسەت و بڕیارە نیشتمانییەكان لە بەرژەوەندیی یەكێك لە میحوەرە ململانێكارەكان لە دژی بەرژەوەندیی نیشتمانیی عێراقی.
"پێویستە گیانی شكستخواردن ڕەت بكەینەوە و یەكڕیز بین و سیاسەتێكی عاقڵمەندانە بكەین و بڕیاری واقیعی بدەین، وڵات هی گەلە، سەركردایەتی ئەمانەتە."( عەبادی وا دەڵێت ).
ئەوە لە کاتێکدایە وڵاتی ئیسرائیل لە رێگای ئەنجومەنی ئاسایشەوە عێراق و جیهانی ئاگادار کردۆتەوە کە ئەگەر عێراق رێگری نەکات لەو هێرشانەی دەکرێتە سەر وڵاتەکەی رەتدانەوەی سەربازی دەبێت.
میلیشیا چەکدارەکانی شیعەی نزیک ئێران نەک لە هێرشەکانیان ناوەستن، بەڵکو هەر دوێنێ شەو بە دوو دۆرنی تر هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل.