عێراق.. لە هەر كاتژمێرێكدا حەوت حاڵەتی جیابونەوەی هاوسەران تۆمار دەكرێت

ئەنجومەنی دادوەری عێراق ئاشكرای دەكات لە هەر كاتژمێرێكدا حەوت حاڵەتی جیابونەوەی هاوسەران تۆمار دەكرێت. بە پێی ئامارەكان لەمانگی رابردوودا زیاتر لە پێنج هەزار حاڵەتی جیابونەوە تۆماركراوە.

ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، ئاماری تایبەت بە دۆسیەكانی جیابونەوە و هاوسەرگیری لە ماوەی مانگی تشرینی دوەمی ئەمساڵ بڵاوكردەوە و بە گوێرەی ئەو ئامارە، ژمارەی هاوسەرگیری نوێ لە مانگی ڕابردودا گەیشتە ٢٦ هەزار و ٨٨ گرێبەست.

ئاماژەی بەوەشكرد، ژمارەی حاڵەتەكانی جیابونەوە لە مانگی تشرینی دوەمدا پێنج هەزار و ٧٣٤ حاڵەت، واتە ڕۆژانە ١٩١ حاڵەتی جیابونەوە لە دادگاكانی عێراق تۆماركراوە، بەو پێیەش لەهەر كاتژمێرێكدا حەوت حاڵەتی جیابونەوە تۆماردەكرێت و زۆرترین حاڵەتی جیابونەوە و گرێبەستی هاوسەرگیریش لە بەغدادی پایتەخت تۆماركراوە.




PM:04:47:17/12/2024