ئەمڕۆ پێنج شەممە دەسەڵاتی ئەمنی عێراق گەڕانەوەی ڕاستەوخۆی سەدان سەربازی سوریای بۆ وڵاتەکەیان ڕاگەیاند.
فەریق میقداد میری وتەبێژی شانەی ڕاگەیاندنی ناوخۆ و ئاسایشی عێراق، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" ئەمڕۆ دەسەڵاتە تایبەتمەندەکانی عێراق دەستیانکرد بە گەڕاندنەوەی سەربازانی سوریا بۆ وڵاتەکەیان، دوای کارکردن بە هەماهەنگی کارکردن لەگەڵ دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانی سوریا لەم بوارەدا".
لای خۆیەوە میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە" پاسە سورییەکان گەیشتوونەتە سنووری نێوان عێراق بە مەبەستی تەواوکردنی ڕێکارەکانی ڕادەستکردنی سەربازەکانیان".
ئاماژە بەوەشدەکەن، لەگەڵ ڕووخانی سوپای سوریا لە چەند کاتژمێری پێش ڕووخانی ئەسەد، دەسەڵاتدارانی عێراق ڕێگەیان بە سەدان سەربازی سوریادا میحوەرەکە چۆڵبکەن کە لە دەروازەی سنووری رووتبەوە بۆ دەروازەی سنووری قائیم بچن.
هەروەها بەرپرسێکی ئەمنی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە" ژمارەی ئەو سەربازە سورییانەی چوونەتە ناو عێراقەوە گەیشتووەتە دوو هەزار سەرباز بە ئەفسەر و سەربازیشەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، هاتنە ژوورەوەیان بە ڕێککەوتن لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات و بە ڕەزامەندی فەرماندە و سەرۆکی هێزە چەکدارەکان و سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی بووە.
هەر دوێنێ سێشەممە ئەو سەربازانە خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا و تێیدا داوایانکرد بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.