شارەزایەکی بواری کەشناسی عێراق پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ ڕۆژانی سەری ساڵ ڕاگەیاند و دەڵێت" لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا شەپۆلێکی بارانبارین ڕوو لە وڵات دەکات و پلەکانی گەرماش دادەبەزن". دەشڵێت" لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو شەپۆلێکی سارد ڕوو لە عێراق دەکات و بۆ چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت".
عەلی جابری کەشناسی دیاری عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە" لە نیوەڕۆی ڕۆژی پێنج شەممەی ئەم هەفتەیە کەشێکی ناسەقامگیر ڕوو لە عێراق دەکات، لەگەڵ دەستپێکردنی هەوری بارانبارین لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای وڵات، بە تایبەتی لە قائیم، و درێژبوونەوەی بەرەو بەشەکانی باکوور".
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کاتەکانی بەیانی ڕۆژی هەینی کاریگەری لەسەر ناوچە جیاجیاکانی پارێزگاکانی عێراق دروستدەکات و دەبێتە هۆی بارینی مامناوەند و بەخوڕ، بەتایبەتی لە بەشەکانی باکور و ڕۆژهەڵات، هاوکات لە شارەکانی هەرێمی کوردستان پێشبینی بارانبارین دەکرێت".
ئەو کەشناسە دیارەی عێراق لە ڕاگەیەندراوەکەیدا پێشبینیش دەکات، پلەکانی گەرما لە ئەمڕۆوە دادەبەزن، لەگەڵ ئەگەری هەستکردن بە بارستەی هەوای گەرم لە ڕۆژی هەینیدا، پێش ئەوەی جارێکی دیکە کەمێک و نایەکسان دابەزن.
ئەوەشی خستەڕوو، ڕەنگە عێراق ڕووبەڕووی شەپۆلێکی سارد بێت کە لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتووەوە دەستپێدەکات، بە تایبەتی لە ٣١ی کانوونی دووەم و بۆ چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی ساڵ، هۆشداری بە هاوڵاتییان دەدرێت کە ڕێوشوێنی خۆپارێزی پێویست بگرنەبەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکانی کەشوهەوا.