عێراق ١٣٠ بەندكراو رادەستی ئێران دەكاتەوە

بەپێی رێكەوتنی وەزارەتی دادی عێراق و ئێران بڕیارە بەغدا ١٣٠ بەندكراو رادەستی كۆماری ئیسلامی بكاتەوە كە تا ئێستا تۆمەتی گیراوەكان ئاشكرا نەكراوە.

عەسكەر جەلالیان، جێگری وەزیری داد بۆ مافی مرۆڤ و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی ئێران، ڕایگەیاندووە، "وەزارەتی داد هەوڵی بەردەوام دەدات بۆ گواستنەوەی هاوڵاتیانی ئێرانی كە لە هەر شوێنێكی جیهان زیندانی كراون بۆ وڵات لە ڕێگەی دانوستانی پێویستەوە”. 

جەلالیان ئەوەی خستەروو لەم دواییانەدا بە هاوكاری وەزارەتی دەرەوە پەیوەندییان لەگەڵ قەتەر كردو توانیویانە ١٠ زیندانی ئێرانی ئازاد بكەن كە زیاتر لە ٢٠ ساڵ لە زیندانەكانی قەتەردا بوون.

ناوبراو درێژەی بە قسەكانیداو وتی "لەم دواییانەدا دانوستانمان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق و مالیزیا ئەنجامدا، ڕەزامەندی ئەوانمان وەرگرت بۆ گواستنەوەی ١٣٠ زیندانی ئێرانی لە عێراق و ٨٥ كەسی دیكە لە مالیزیا بۆ ئێران، ئەمەش بەم زووانە جێبەجێ دەكرێت”.

ڕۆژی 9ی كانونی یەكەم، خوسرەو حەكیمی ڕاوێژكاری سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری ئێران ئاشكرای كرد كە ٤٩٩ هاوڵاتی ئێرانی لە عێراق زیندانی كراون، ئەوەشی رونكردەوە كە ١٢٥ هاوڵاتی عێراقی لە ئێران زیندانی كراون.




PM:02:51:31/12/2024