لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆبوونەوەیەکی نائاسایی پەرلەمان ئەنجامدەدرێت

ئەمڕۆ پێنج شەممە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق مەحمود مەشهەدانی، داوای لە ئەنجومەنی نوێنەران کرد، لە هەفتەی داهاتوودا دانیشتنێکی نائاسایی ئەنجام بدات، بە مەبەستی بڕیاردان لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی پۆستی دەستەی کۆمسیاران لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان. 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە پشتبەستن بە مادەی ٥٨/یەکەمی دەستوور و مادەی ٣٤/سێیەم لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی نوێنەران و کۆتایی نزیکبوونەوەی ئەرکی دەستەی کۆمسیاران لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و بە پشتبەستن بەو داواکارییەی کە لەلایەن دەستەی کۆمسارانەوە پێشکەشکراوە، بە پشتبەستن بە مادەی ٧/یەکەم لە یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ژمارە ٣١ی ساڵی ٢٠١٩، وەک هەموارکراوەتەوە، داوا لە ئەنجومەنی نوێنەران دەکەن کاتژمێر ١:٠٠ی دواینیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو دانیشتنێکی نائاسایی ئەنجام بدات.

ئاماژە بەوەشکراوە، پێویستە لە دانیشتنەکەدا بڕیا لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی پۆستی دەستەی کۆمسیاران لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بدرێت. 

هەروەها میدیاکانی عێراق باس لەوەدەکەن کە لە ٧ی ١ی ٢٠٢٥ ماوەی یاسایی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کۆتایی دێت.

کۆبوونەوەکەی هەفتەی ئایندەی پەرلەمانی عێراق نائاسییە، چونکە لە رۆژی ٩ی ئەم مانگەدا پشووی زستانەی پەرلەمان کۆتایی دێت و دانیشتنەکان دەستپێدەکەنەوە.



PM:03:35:02/01/2025