کۆبوونەوەی وەفدی دارایی هەرێم و وەزارەتی دارایی عێراق بە سەرپەرشتی د. فواد حسێن لە هۆتێل بەغدا کۆتایی هات بەبێ ئەوەی هیچ بڕیارێکی تێدا بدرێت، وەزیری دارایی هەرێم رایگەیاند" سبەینیش کۆبوونەوە بەردەوام دەبێت ".
دوای سێ کاتژمێر کۆبوونەوەی وەفدی وەزارەتی دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی هەرێم بە سەرپەرشتی فواد حسێن، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم بە رۆژنامەنووسانی ڕایگەیاند " لەێکتێگەیشتنی باش هەیە و سبەینێش کۆبوونەوە بەردەوام دەبێت".
لە درێژەی قسەکانیدا ئاوات شێخ جەناب لەدوای دەرچوونی لە کۆبوونەوەکە وتیشی " باسی خشتە و لیستی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانمان کرد و لەیەک تێگەیشتن هەیە و ئومێد دەکەین سبەینێ گرفتەکان چارە بکرێن و پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی مووچە ڕەوانە بکرێت".
هەرچەندە وەزیری دارایی هەرێم ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئومێد دەکەن سبەی شەممە گرفتەکان چارەسەر بکرێن، بەلآم بەرپرسانی عێراق هیچ لێدوانێکیان لەو بارەیەوە بڵاونەکردەوە.( ئەو پرسە داراییانە لە وەزارەتی دارایی عێراق زیاتر لە رۆژێکی دەوێت ).
بڕیاریشە سبەی کاتژمێر هەشت وەفدەکە جارێکی تر لەگەڵ وەزارەتی دارایی عیراق لە بینایەی وەزارەت کۆببنەوە، هاوکات ئەو وەفدی وازارەتی دارایی عێراقیش کە لە هەرێم بووەو لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێم سەرقاڵی ئامادەکردنی لیستی مووچە بوون، ئەمڕۆ هەینی دەگەنەوە بەغدا.
کۆبوونەوەکە کە ١٨ بەرپرسی هەرێم تیایدا بەشداربوون بڕیاربوو لە ماڵی د. فواد حسێن سازبکرێت، بەلآم لەبەر گەورەیی هەردوو وەفدەکە گوێزرایەوە بۆ هۆتێل بەغداد".
بەپێی زانیارییەکانی " سپی " وەک لە هەواڵێکی پێشتردا بڵاوکرایەوە ئەم سەردانەی وەفدی هەرێم، لەلایەن پارتی یەوە کە زۆرینەی پۆستەکانی حکومەتی هەرێمی بە دەستەوەیە، یەکلاییکەرەوەیە".
بڕیاریشە سبەی شەممە ١ی شوبات جارێکی تر هەردوو وەفد کۆببنەوە.
بۆ بینینی داواکارییەکانی وەفدی هەرێم لە وەزارەتی دارایی عێراق سەردانی ئەم لینکە بکە..