کاتی هەڵبژاردنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا دەکرێت

هەڵبژاردنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق ٤٥  رۆژ بەر لەکۆتایی ئەم خولە دەبێت و بە وتەی  بەرپرسێکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق زیاتر لە ٣٥٠ حزب ناویان تۆمار کراوە و ئەو حزبانەی باڵی سەربازییان هەیە ناتوانن بەشداری بکەن.

دادوەر عامر حسێنی، سەرۆکی ئیدارەی هەڵبژاردن لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عیراقی رایگەیاند" بۆ هەڵبژاردنی خولی پەرلەمانی عێراق ئەو حزبانەی باڵی سەربازییان هەیە ناتوانن بەشداری بکەن و یاساکە رێگەیان پێ نادات"

بە وتەی عامر حسێنی، سەرۆک وەزیران چاودێری و پشتیوانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات تا بەزوویی کاروبارەکانی هەڵبژاردنی داهاتوو ئامادە بکرێن.

وتیشی" لەقۆناغی کۆتایی چاکسازی ئامێرەکانی کۆمسیۆنداین و ئەنجومەنی وەزیران دەنگی داوە لەسەر بودجەی هەڵبژاردن و وادەی هەڵبژاردنیش ٤٥ رۆژ بەرلەوادەی ئەم خولەیە و دەکەوێتە ٢٥-١١-٢٠٢٥”.

ئەو بەرپرسەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکراشی دەکات کە نییەتێک هەیە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان و پێویستە بەر وادەی دیاریکراوی وادەی هەڵبژاردن بێت.

بە وتەی ئەو بەرپرسەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق،٣١٩  حزب تۆمارن و ٤٦  پارتی نوێ دامەزراون و تۆمارن و دەتوانن بەشداری بکەن، بەڵام یاساکە رێگە بەو حزبانە نادات کە باڵی سەربازییان هەیە.




PM:07:34:31/01/2025