قاسم ئەعرەجی: کار بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی عێراق لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەکەین

قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، پەیوەندیی عێراق لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ستراتیجییە و لە هەموو بوارەکاندا کار بۆ پەرەپێدانی دەکەن.

نووسینگەی راگەیاندنی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە ١٠ی شوبات لە راگەیەندراوێکدا بڵایکردەوە، ئەعرەجی پێشوازیی لە لیوا کێڤن لەیهی، فەرماندەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا و شاندەکەی کردووە.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووشە" لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا دۆخی ئەمنیی عێراق و سووریایان تاوتوێکردووە، جگە لە گفتوگۆکردن لەبارەی ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی ناوچەکە دەبێتەوە، باسیش لە هەوڵە هاوبەشەکانی هەردوولا بۆ زیاترکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە کراوە".

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئەعرەجی جەختیکردووەتەوە، پەیوەندیی نێوان عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ستراتیجییە و دەڵێت، حکومەتی عێراق کار بۆ پەرەپێدانی لە سەرجەم بوارەکاندا دەکات.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەگوێرەی رێککەوتنی حکومەتی عێراق و فەرماندەیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، بڕیارە هاوپەیمانێتییەکە لە ماوەی ١٢  مانگدا و پێش ئەیلولی ٢٠٢٥، لە عێراق بکشێتەوە و ئەرک و مانەوەیان بۆ پێدانی راوێژ بە حکومەتی عێراقی دەگۆڕدرێت.




PM:09:33:10/02/2025