"بەمنزیکانە سەردانی بەغداد دەکەم"

وەزیری دەرەوەی کاتی سوریا، پشتڕاستیکردەوە کە بەمنزیکانە سەردانی بەغداد دەکات.

ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی کاتی سوریا، ئەمڕۆ چوارشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئەلقەباسی کوەیتی لە پەراوێزی لوتکەی حکومەتی جیهانی کە لە دوبەی بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند" بانگهێشتنامەیەکی فەرمیم پێگەیشتووە بۆ ئەوەی سەردانی عێراق بکەم، بەمنزیکانە لە بەغداد دەبم". 

شەیبانی لە درێژەی قسەکانیدا وتی" پێویستە ئەوانی دیکە پشتیوانی لە سووریای نوێ بکەن و یەکێتی ئەورووپا و ئەمریکا ڕازی بکەن کە ئەو گەمارۆیانە لاببەن کە بەهۆی ڕژێمی پێشووەوە سەپێنراون". 

وەزیری دەرەوەی کاتی سوریا جەختی لەوەشکردەوە کە" بۆ یەکەمجار سوورییەکان هەست بەوە دەکەن کە خەمخۆری حکومەتن و ئەمەش مانایەکی ناوازەیە بۆ ئیرادەی سەربەخۆبوون، تەواوی گەلی سوریا بەشدارییان لەم گۆڕانکارییە لە وڵاتەکەدا کردووە، هەر گۆڕانکارییەکیش لەگەڵیدا هەندێک نیگەرانی لەگەڵدایە، و ئێمەش لەوە تێدەگەین، هەربۆیە کاردەکەین بۆ چاندنی دڵنیایی لەنێو گەلی سوریادا". 

ئاماژەی بەوەشکرد: حکومەتی نوێی سوریا مانگی ئازاری داهاتوو نوێنەرایەتی هەموو چین و توێژەکانی گەلی سوریا دەکات. 

دەشڵێت" متمانەمان بە تواناکانی گەلەکەمان هەیە، و باوەڕمان بە هەموو پێکهاتەکانی هەیە، و هەزاران ساڵە بە هاوئاهەنگی دەژین و دەستوور ئەوەیە کە هەمووان بەڕێوەدەبات". 



PM:11:02:12/02/2025