"بارانبارین و بەفر و دابەزینی پلەکانی گەرما بەردەوام دەبێت"

کەشناسێکی دیاری عێراق ڕایدەگەیەنێت" بارانبارین لە ناوچەکانی باکور و دیالە و سەڵاح الدین بەردەوام دەبێت و ڕۆژی یەکشەممەش شەپۆلی بەفربارین دەستپێدەکات و پلەکانی گەرماش بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن". 

عەلی جابر زیادی کەشناسی دیاری عێراق، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" ئەو کەشوهەوای باراناوییە کە لە ئەمڕۆوە دەستیپێکردووە، تا ئێوارەی ئەمڕۆش بەردەوام دەبێت، و ڕەنگە لە شوێنە جیاوازەکانی سەرجەم ناوچەکانی باکور و دیالە و سەڵاح دین شەپۆلی بارانەکە زۆر فراوان و سەخت بێت". 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمشەو تەواو شوێنەکان شاهیدی شەپۆلێکی فراوانی بارانبارین دەبن، وەک بەغدا و باکوری ڕۆژهەڵاتی واست، لە کاتێکدا لە تەواوی شارەکاندا لاواز دەبێت. 

زیادی لە درێژەی قسەکانیدا وتی" سبەی بەیانی شەپۆلی بارانەکە پاشەکشە دەکات و پێشبینی دەکەین ڕۆژی شەممە بارانێکی فراوان لە هەندێک شوێن دەستپێبکاتەوە، بە تایبەت ناوچەکانی ناوەڕاست و ناوەڕاستی فورات".

ئەو کەشناسە دیارەی عێراق پێشبینی دەکات بەفر لە بەیانی ڕۆژی یەکشەممەدا لە زۆربەی شارەکانی باکور و باکوری ناوچەی ناوەڕاست لە تکریت و ڕۆژئاوای ئەنبار ببارێت.

عەلی جابر زیادی ئەوەشی خستەڕوو، ڕەنگە بارینی بەفر ببێتە هۆی دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما، لە بەیانیاندا سفر پلە تۆمار بکات لە ڕۆژانی یەکشەممە و ناوەڕاستی هەفتەدا، هەروەها لە ڕۆژدا لە خوار ١٤ پلەی سەدی بێت، لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور، کەمتر لەوەی لە ڕۆژئاوا و باکوری وڵاتدا ڕوودەدات. 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەرەتای مانگی ئازاردا بارانبارین دەستپێدەکاتەوە. 



PM:05:33:20/02/2025