عیماد جه‌میل: ٣١٤ لایه‌ن مۆڵەتی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردندا هەیە

بەرپرسێکی باڵای كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرای دەکات تا ئێستا هیچ هاوپەیمانێتییەکی نوێ تۆمار نەکراوە، ژمارەی ئەو لایەنە ساسیانەش ئاشکرا دەکات کە خواستی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی خولی داهاتوی پەرلەمانی عێراق دەربڕیوە.

عیماد جه‌میل سه‌رۆكی تیمی ڕاگه‌یاندنی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رایگه‌یاند" كۆمسیۆن به‌رده‌وامه‌ له‌ پرۆسه‌ی تۆماركردنی هاوپه‌یمانییه‌ سیاسییه‌كانك بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتو، لە ئێستادا ٦٤ هاوپه‌یمانی ناویان هەیە كه‌ پێشتر سه‌رجه‌میان تۆماركرابون".

ڕونیشیكرده‌وه‌، ڕه‌نگه‌ هه‌ندێك هاوپه‌یمانی گۆڕانكاریان به‌سه‌ردا بێت، له‌ڕێگه‌ی به‌ئه‌ندامبونی لایه‌نه‌ نوێیه‌كان یان كشانه‌وه‌ی لایه‌نی دیكه‌، ئه‌مه‌ش پێویستی به‌ نوێكردنه‌وه‌ی داتاكانیان هه‌یه‌ ، بەڵام تا ئێستا هیچ هاوپه‌یمانییه‌كی سیاسی نوێ تۆمار نه‌كراوه‌.

وتیشی" ٣١٤ لایه‌ن مۆڵەتی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردندا هەیە له‌و ژماره‌یه‌ش تا ئێستا ٧٠لایه‌ن خواستی خۆیان بۆ دوباره‌ به‌شداریكردن ده‌ربڕیوه‌".

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕۆژی ١١ی ١١ی ٢٠٢٥ وه‌ك واده‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق دیاری کردووە.



AM:10:58:28/04/2025