وڵاتانی ئەندامی ئۆپێک پلەس ئەمڕۆ شەممە بڕیاریاندا لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی ٤١١ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیاد بکەن، لە عێراقیش بەهۆی ئەو بڕیارەوە بەرهەمهێنانی نەوت بەرزدەبێتەوە.
لیستی وڵاتان بریتین لە (عێراق، سعودیە، ڕووسیا، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، کوێت، کازاخستان، جەزائیر، سوڵتانی عومان).
لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی وزەی سعودیەدا هاتووە" لەبەر ڕۆشنایی بنەما ئەرێنییەکانی ئێستای بازاڕ کە نوێنەرایەتی دابەزینی کۆگاکانی نەوت دەکات، هەروەها بەگوێرەی ئەو بڕیارەی لە ٥ی کانوونی دووەم ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، سەبارەت بە دەستپێکردنی نۆژەنکردنەوەی دەستکارییە خۆبەخشییەکان بە بڕی ٢.٢ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا کە لە ١ی حوزەیرانی ئەمساڵەوە دەستپێدەکات، هەشت وڵات دەستکارییەکی بەرهەمهێنان جێبەجێدەکەن لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٥دا ٤١١ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بە بەراورد بە ئاستی بەرهەمهێنانی پێویست لە مانگی ئایاردا".
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەمە یەکسانە بە سێ زیادکردنی مانگانە، ئەم زیادبوونەش ڕەنگە بوەستێنرێن یان پێچەوانە بکرێنەوە بەپێی پێشکەوتنەکانی بازاڕ، ئەمەش ڕێگە بە وڵاتان دەدات بەردەوام بن لە پشتیوانیکردن لە سەقامگیری بازاڕی نەوت.
هەروەها وڵاتانی ئەندام ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەم ڕێوشوێنە دەرفەتێک بۆ وڵاتانی بەشداربوو دەڕەخسێنێت کە پرۆسەی قەرەبووکردنەوە بۆ ماوەی ڕابردوو خێراتر بکەن.
بەپێی ئەم بڕیارە، بەرهەمهێنانی نەوت لە سعودیە بۆ ٩ ملیۆن و ٣٦٧ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزدەبێتەوە، لە عێراقیش بۆ ٤ ملیۆن و ٨٦ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزدەبێتەوە.