سودانی له‌ تورکیا باس له‌ دۆسیه‌ی ئاسایشی ناوخۆ و چەند پرسێکی دیکە دەکات

لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە دیارترین کارنامەی کۆبوونەوەکانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی لە میانی سەردانەکەیدا بۆ تورکیا ئاشکرا کرد کە بڕیارە لەم هەفتەیەدا ئەنجام بدرێت.

موختار موساوی ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی شەفەق نیوزی ڕاگەیاند" سەردانی داهاتووی سودانی کە بڕیارە لەم هەفتەیەدا بۆ ئەنقەرە ئەنجام بدرێت زۆر گرنگە، لەبەر ڕۆشنایی ئەو پێشهاتانەی لە ناوچەکە ڕوودەدەن، بە تایبەتی لە گۆڕەپانی سوریا و بەردەوامی دەستدرێژی و دزەکردنی ئیسرائیل لە قوڵایی سوریادا کە ئەمەش مەترسی لەسەر هەموو وڵاتانی ناوچەکە دروستدەکات و بە دڵنیاییەوە ئەم بابەتە لە پێشەنگی گفتوگۆکاندا دەبێت".

موسەوی ڕاشیگەیاند" سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ئەنقەرە باس لە دۆسیەی ئاسایشی ناوخۆ دەکات کە پەیوەندی بە بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و بوونی سەربازی تورکیا لە ناو خاکی عێراقەوە هەیە، هەروەها ئەو مەترسییەی ئەم ململانێیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دروستیدەکات، هەروەها پێویستە سودانی لە ڕێگەی چوارچێوەی یاسایی و دیپلۆماسی لەگەڵ لایەنی تورکیا کۆتایی بەو ئامادەبوونە بهێنێت".

وتیشی" پرسی ئابووری لە کاتی گفتوگۆکانی سودانی لەگەڵ بەرپرسان لە ئەنقەرە ئامادەیییەکی بەهێز دەبێت، بە تایبەتی سەبارەت بە پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان، بەو پێیەی تورکیا بەشێکی گرنگی ئەم پڕۆژەیە، هەروەها پرسی ئاو و هەوڵەکانی عێراق بۆ بەدەستهێنانی پشکی تەواوی دادپەروەرانەی خۆی لە ئاودا، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی توندی قەیرانی وشکەساڵی و نزیکبوونەوەی وەرزی هاوین".

ئەو ئەندامەی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمان ڕاشیگەیاند" دوای ئەوەی سودانی کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ ئەنقەرە هێنا، کاردەکەین بۆ میوانداریکردنی لە پەرلەمانی عێراق بۆ پێداچوونەوە بە وردەکارییەکانی سەردانەکە و بزانین چی یەکلاییکردووەتەوە لەسەر ئەو پرسانەی کە گرنگن بۆ هەردوو وڵات". 



AM:11:10:06/05/2025